دكتۆر دواڕۆژ 18/5/2019
نەخۆشی چەوری جگەر یان جگەری چەور حاڵەتێكە كە چەوری لە جگەردا دروست ببێت و كۆببێتەوە. دوو جۆریشی هەیە: جگەری چەوری ناكحولی و جگەری چەوری كحولی.
جۆرە ناكحولییەكەی پەیوەندی نییە بە خواردنەوەی زۆری ماددە كحولییەكانەوە. لەمەشدا حاڵەتێكیان سادەیە و تەنیا بریتییە لەوەی جگەرت چەوری تێدا بێت بەڵام خانەكانی جگەر ئاسایین و هەویان نەكردوە، یاخود جگە لەوەی كە چەوری لە جگەرتا هەیە خانەكانی جگەریشتدا ئازاریان پێگەیشتووە و تێكشكاون بەڵام جگەری چەوری كحولیی راستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە خواردنەوەی زۆری ماددە حكولییەكانەوە و هەتا كەسەكە ماددەی كحولیی زیاتر بخواتەوە زیاتر زیان بە خانەكانی جگەری دەگات.
ئەم نەخۆشییە كە پەیوەندی بە ماددە كحولییەكانەوە هەبێت سەرەتایەترین نەخۆشییەكانی جگەرە كە درێژخایەن دەبن وەك هەوكردنی جگەری كحولی یاخود بەمۆم بوونی جگەر. جگەری چەوری ناكحولیی هۆكارەكەی نادیارە بەڵام زیاتر لەو كەسانەدا روودەدات كە جۆری دووهەمی شەكرەیان هەیە یاخود لە قۆناغی پێش شەكرەدا هەروەها لەوانەدا كە كێشیان زیادە و ئەو كەسانەی كە رێژەی چەوری لە خوێنیاندا زیادە یان گوشاری خوێنیان بەرزە. هەندێك حاڵەتی دیكەش دەبنە هۆی دروستبوونی ئەم جۆرەی چەوری جگەر لەوانە بەكارهێنانی هەندێك دەرمان وەك كۆرتیزۆن یان دابەزینی كێش بەخێرایی یان هەوكردنی جگەری جۆری C. كێشەكە لەوەدایە كە هەردوو جۆرەكەی جگەری چەور نیشانەیان نییە و ئەگەر هەشیان بێت نیشانەی گشتین وەك هەستكردن بە ماندویەتی یان ناڕەحەتییەكی كەم لە بەشی راستی سكدا. زۆرجار بە رێكەوت دەستنیشان دەكرێت یان كاتێك كە پشكنینی چالاكییەكانی جگەرت نائاسایی دەبن.
كەمكردنەوەی كێش خاڵێكی گرنگە بۆ چارەسەری جگەری چەور. ئەگەر دەرمانێك بەكاردەهێنیت كە هۆكاری ئەو جۆرە چەورییە بێت بیوەستێنە ئەویش بە رێنمایی پزیشكەكەت. رێگریكردن لە تووشبوون بە شەكرە زۆر گرنگە هەروەها خواردنی ڤیتامین E ، بۆ جۆرە كحولییەكەشی پێویستە خواردنەوەی ماددە كحولییەكان بوەستێنیت و ئەگەر خۆت نەتتوانی پەنا ببە بۆ چارەسەركاری تایبەت. هەردوو جۆرەكەی چەوری جگەر بۆیان هەیە سەرئەنجام ببن بەهۆی بەمۆمبوونی جگەر، بۆیە پێویستە شێوازی ژیانت بگۆڕیت خوێ و شەكر كەمبكەرەوە میوە و سەوزە و دانەوێڵە زیاد بكە، خۆت بكوتە دژی هەردوو جۆرەكەی هەوكردنی جگەر A و B ، وەرزشكردن زۆر گرنگە چونكە هەم كێشت كەم دەكاتەوە هەم چەورییەكەی ناو جگەریش دەتوێنێتەوە. سوپاس بۆ بەكارهێنانی دكتۆر دواڕۆژ.